ئۆڵۆمپیادی ئەمساڵ پشت بە زیرەکیی دەستکرد دەبەستێت بۆ هەڵسەنگاندن

ئۆڵۆمپیادی ئەمساڵ پشت بە زیرەکیی دەستکرد دەبەستێت بۆ هەڵسەنگاندن

لیژنەی ئۆڵۆمپیادی نێودەوڵەتی (IOC) “ئەجێندای زیرەکیی دەستکردی ئۆڵۆمپیاد”ـی بڵاوکردەوە، لیژنەکە زیرەکیی دەستکرد ئاوێتەی یارییەکانی ئۆڵۆمپیاد دەکەن

لەندەن – لیژنەی ئۆڵۆمپیادی نێودەوڵەتی (IOC) “ئەجێندای زیرەکیی دەستکردی ئۆڵۆمپیاد”ـی بڵاوکردەوە، لیژنەکە زیرەکیی دەستکرد ئاوێتەی یارییەکانی ئۆڵۆمپیاد دەکەن. بە بۆچونی تۆماس باخ، سەرۆکی لیژنەی ئۆڵۆمپیاد، زیرەکیی دەستکرد گۆڕانکارییەکی گەورە بۆ وەرزشەوانان دەهێنێتە کایەوە، بەتایبەتی لە ناسینەوەی بەهرەکان و ڕاهێنانی تاکەکەسیدا.

شایەنی باسە ئەمساڵ ئۆڵۆمپیادی هاوینەی 2024 کە بە فەرمی بە یارییەکانی ئۆڵمپیاد ناسراوە، لە 26ـی تەموز تا 11ـی ئابی 2024 لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا بەڕێوەدەچێت، ئەمەش سێیەم جارە پاریس میوانداری ئۆڵۆمپیادی هاوینە دەکات، دوای ساڵانی 1900 و 1924. زیاتر لە 200 تیم بەشداری لە یارییەکانی ئۆڵۆمپیادا دەکەن بۆ وەرزشە جیاوازەکان تاکو مەدالیاکانی ئۆڵمپیک بەدەست بهێنن.

“باخ” بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوت، “زیرەکیی دەستکرد دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە ناسینەوەی وەرزشوانانی بەتوانا لە هەموو گۆشەیەکی جیهاندا”، جەختی لەسەر ئەوە دەکاتەوە زیرەکیی دەستکرد کار ئاسانی دەکات بۆ دەستنیشانکردن و هەڵبژاردنی وەرزشەوانە بە تواناکان، بە تایبەتی لەو وڵاتانەی سەرچاوە لۆجستی و مرۆییەکانیان سنوردارە. سەرۆکی لیژنەکە وردەکاریدا لەسەر چۆنێتی بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد و گوتی دەتوانرێت زیرەکیی دەستکرد بەکاربهێنرێت بۆ کۆکردنەوە و بەراوردکردنی داتاکان لە وەرزشەکانی خێرایی و بازدانی بەرز بۆ دەستنیشانکردنی باشترین وەرزشەوان.

هەروەها، “باخ”پێیوایە زیرەکیی دەستکرد بەراورد بە مرۆڤ باشترە بۆ بڕیاردان و خاڵبەندیکردنی وەرزشەوانەکان، بەو پێوەرەی هەست و سۆز زاڵ نییە بەسەریدا و پشت بە زمانی ژمارە دەبەستێت، حوکمدانی لۆژیکی و بێ لایەنانەیە. لە هەمانکاتدا، زیرەکی دەستکرد دەتوانێت سود بە وەرزشەوانان بگەیەنێت بۆ ڕاهێنان و مەشقکردن.

کەمتر لە 100 ڕۆژ ماوە بۆ دەستپێکردنی یەکەم یاری ئۆڵۆمپیادی پاریس،  “باخ”  ڕۆڵی زیرەکیی دەستکرد بەرزدەنرخێنێت وەک ئامڕازێک بۆ پشتگیریکردنی وەرزشوانان نەک شوێنگرتنەوەی وەرزشوانان دەبینێت، دووپاتیشی کردەوە، یارییەکان تەنها بە مرۆڤ ئەنجامدەدرێن و ناکرێت زیرەکیی دەستکردێک بێنیت بۆ ڕاکردنی 100 مەتری لە جێگەی مرۆڤ.

“لیندسی ڤۆنی” ئەمەریکی پاڵەوانی پێشوی ئۆڵۆمپیادی خلیسکانێی سەر بەفر، هاودەنگە لەگەڵ باخدا. وەرزشەوانە خانەنشینەکە بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند، “زۆر ئیرەیی دەبەم چونکە کاتی من هیچ لەم تەکنەلۆژیایانە بەردەست نەبوو”. ڤۆن تیشکی خستە سەر تواناکانی زیرەکیی دەستکرد بۆ باشترکردنی ئەزموونی وەرزش بە گشتی. ئاماژەی بەوەشکردوە، “وەرزشەوانان دەتوانن لە ڕاهێنانەکاندا زیرەکیی دەستکرد بەکاربهێنن بۆ بەرزکردنەوەی زانیارییەکانیان”، جەختی لەسەر سوودەکان کردەوە لە بوارەکانی وەک چاکبوونەوە لە پێکان و بەرزکردنەوەی ئەدای جەستەیی و هزری.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

سەرنجێک بنووسە

ئیمەیڵەکەت لەگەڵ سەرنجەکەدا بڵاونابێتەوە، ئەوانەی هێمای (*) پێوەیە زەرورین!*

دوایین بڵاوکراوەکان

سەرنجدراوترین

ڤیدیۆ هەڵبژێدراوەکان