ساڵی رابردوو ١٧٦ رۆژنامەنووس پێشێلکارییان بەرانبەر ئەنجام دراوە کە سێ حاڵەتی کوشتنی رۆژنامەنووس و حاڵەتێکی هەوڵدان بۆ کوشتنی تێدا بووە
کوردنیوز:
بەگوێرەی راپۆرتی ساڵانەی رێکخراوێکی تایبەت بە پاراستنی مافی رۆژنامەنووسان لە هەرێمی کوردستان، ساڵی رابردوو ١٧٦ رۆژنامەنووس پێشێلکارییان بەرانبەر ئەنجام دراوە کە سێ حاڵەتی کوشتنی رۆژنامەنووس و حاڵەتێکی هەوڵدان بۆ کوشتنی تێدا بووە.
سەنتەری میترۆ ئەمڕۆ شەممە ١٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ راپۆرتی ساڵی 2024ـی رەوشی ئازادیی رۆژنامەڤانی لە هەرێمی کوردستان لەژێر ناوی “یاسا بۆ ئەرشیڤ نییە؛ یاساکانمان گۆڕین، بەڵام جێبەجێکردنیان سەنگی مەحەکە” بڵاوکردەوە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، ساڵی رابردوو 182 پێشێلکاری بەرامبەر 176 رۆژنامەنووس و دامەزراوەی میدیایی لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون، بە گوێرەی راپۆرتەکە، پێشێلکارییەکان 22٪ کەمبوونەتەوە بەراورد بە ساڵی 2023 کە ئەو ساڵە 231 پێشێلکاری لەلایەن ئەو سەنتەرەوە تۆمارکرابوون.
بەگوێرەی داتاکانی سەنتەرەکە، ساڵی رابردوو سێ رۆژنامەوان بە درۆن لە هەرێمی کوردستان کوژراون، 27 هێرش و لێدان و هەڕەشە بەرامبەر رۆژنامەڤانان تۆمارکراوە؛ مانگی 12ـی ساڵی رابردوو زۆرترین پێشێلکاری تۆمارکراون کە 40 پێشێلکاری بوون.، هەروەها یەک حاڵەتی هەوڵدان بۆ کوشتن تۆمار کراوە.
هەر بەپێی راپۆرتەکە، 103 رێگری لە رۆژنامەوانان تۆمارکراوە، 24 دەستبەسەرکردنی رۆژنامەوان بەبێ بڕیاری دادگا، 6 هێرشی ئەلیکترۆنی، 17 دەستبەسەرداگرتنی کەلوپەلی رۆژنامەوانی و 2 شکاندنی کەلوپەلی رۆژنامەوانی تۆمارکراون. 10٪ـی ئەو رۆژنامەوانانەی پێشێلکارییان بەرانبەر تۆمارکراوە، مێ بوون و 90٪ـی دیکە نێر بوون.
بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە لە کاتێکدایە،تا ئێستا دۆسیەی کوشتنی ژمارەیەک رۆژنامەنووس یەکلانەبووەتەوە و نەتوانراوە بکوژەکانیان دەستگیر بکرێن.
سەنتەری میترۆ لە ساڵی 2009 دامەزراوە، بە هاوکاریی رێکخراوی پەیمانگەی رۆژنامەوانی جەنگ و ئاشتی، بە ئامانجی چاودێری رەوشی ئازادی رۆژنامەنووسی لە هەرێمی کوردستان.
سەرنجێک بنووسە
ئیمەیڵەکەت لەگەڵ سەرنجەکەدا بڵاونابێتەوە، ئەوانەی هێمای (*) پێوەیە زەرورین!*