سەرەڕای بڕیاری بێ تاوانبوونی بەڵام هێشتا سلێمان ئەحمەد ئازاد نەکراوە

سەرەڕای بڕیاری بێ تاوانبوونی بەڵام هێشتا سلێمان ئەحمەد ئازاد نەکراوە

رۆژنامەنووسێک ساڵێک و سێ مانگ لە زیندانە و دادگا بێ تاوانی سەلماندووە

کوردنیوز: رێبوار حەمەلاو ئەحمەد

سەرەڕای ئەوەی دادگای پێداچونەوەی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی تۆمەتەكانی سەر رۆژنامەنوس سلێمان ئەحمەد بەڵام هێشتا ئازاد نەکراوە.

سلێمان ئەحمەد، كە وەكو هەواڵساز لە بەشی عەرەبی دەزگای رۆژنیوز كاری دەكرد، لە 25ی تشرینی یەكەمی 2023دا لەكاتی گەڕانەوەیدا له‌ رۆژئاوای كوردستان (سوریا) بۆ هەرێمی كوردستان له‌ ده‌روازه‌ی فیشخابوور (سێمێلكا) لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سنووری دەسەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە دەستگیركرا.

هێزە ئەمنییەکانی پارتی دیموکرات ژمارەیەک تۆمەتیان ئاڕاستەی رۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد کرد و لە مانگی تەمموزی رابردوو بە سێ ساڵ زیندانی لەلایەن دادگای دهۆكەوە حوكمدرا.

بەڵام دادگای پێداچونەوەی هەرێمی كوردستان لە 6ی كانونی دووەم بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی تۆمەتەكانی سەر رۆژنامەنوس سلێمان ئەحمەد و بێ تاوان ناساندی.

بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردنیوز، ئەمڕۆ ١٨ی کانوونی دووەم ١٣ رۆژ بەسەر بڕیاری بێ تاوانی سلێمان ئەحمەد دەرچووە بەڵام هێشتا ئازاد نەکراوە ئەوەش بە بیانووی چاپ نەکردنی بڕیاری ئازادکردنەکەی

هەرێمی کوردستانی عێراق یەکێکە لەوناچانەی بەردەوام لە راپۆرتی رێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکاندا وەک ناوچەیەکی مەترسیدار بۆ رۆژنامەنووسان هەژمار دەکرێت.

بەشدار حەسەن، لە دەستەی پارێزەرانی بەرگریکردن لە دۆسیەی رۆژنامەنوس سلێمان ئەحمەد بە کوردنیوزی وت “هۆکاری دواکەوتنی ئازادکردنی رۆژنامەنوس سلێمان ئەحمەد، ئەوەیە نوسراوەكەی دادگا دواكەتووە، تا چاپكراوە و سەرۆكی دادگا واژۆی كراوە كاتی پێچووە”.

لەبارەی ئەوەی ئایا ئێستا نوسراوەكە چاپ و واژۆكراوە، وتی “تەنیا ئەوە ماوە ببرێت بۆ چاكسازیی گەوران لە دهۆك – سلێمانی ئەحمەد لەوێ زیندانیكراوە-“.

سلێمان ئەحمەد هاوشێوەی ژمارەیەکی دیکە لە رۆژنامەنووسی سنووری بادینان، ماوەی زیاتر لە ساڵێک و دوو مانگ و ٢٤ رۆژە دەستگیرکراوە و بە گوێرەی بڕیاری دادگا، بێ تاوان بووە.

بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لە دادگاییکردنی رۆژنامەنووساندا پەنا بۆ یاسای تایبەت بە سیخوڕی کردن دەبەن، وەک چۆن دادگای دهۆک بەپێی یاسای ژمارەی 21ی ساڵی 2003ی پەرلەمانی کوردستان سلێمان ئەحمەد-ی سزادا، ئەو یاسایە تایبەتە بە “جاسوسیکردن و تێکدانی ئاسایشی نیشتیمانی”.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

سەرنجێک بنووسە

ئیمەیڵەکەت لەگەڵ سەرنجەکەدا بڵاونابێتەوە، ئەوانەی هێمای (*) پێوەیە زەرورین!*

دوایین بڵاوکراوەکان

سەرنجدراوترین

ڤیدیۆ هەڵبژێدراوەکان