وەزیرى دارایی عێراق، ناردنى زیاتر لە 11 ترلیۆن دینارى بۆ موچەى فەرمانبەرانى هەرێمى هۆکاری کورتهێنانی بودجەی عێراقە
کوردنیوز:تایبەت
تەیف سامى وەزیرى دارایی عێراق رایگەیاند، وەزارەتەکەى موچەى هەر دوانزە مانگەکەی ساڵى 2024 ى مووچەخۆرانی هەرێمى کوردستانی رەوانە کردووە و وەزارەتەکەیان بەرپرس نییە لەوەى بە دەست فەرمانبەران نەگەیشتبێت.
ئەم وتانەى تەیف سامى رۆژى شەممە (11/1/2025) لەمیانەى کۆبوونەوەیەکیدا کردوونی لەگەڵ لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بۆ تاوتوێکردنى دۆخى دارایی و ئەو کێشانەى روبەڕووى خەرجى و داهات بوونەتەوە، ئەندامە کوردەکانی لیژنەکەش لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم پرسیاریان ئاڕاستە کردووە.
تەیف سامى لەکۆبوونەوەکەدا بە پەرلەمانتارە کوردەکانی وتووە، وەزارەتى دارایی تەواوى پارەى تایبەت بە موچەى فەرمانبەرانى هەرێمى بۆ ساڵى 2024 ناردووە، بەرپرسیش نین لەوەى ئەگەر بەو کەسانە نەدرابێت کە شایستەن.
ئەم وتانەی تەیف سامی دوای کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم و نوێنەرانی کورد لە بەغدا هات کە ژمارەیەک بڕیاریان بەرانبەر بە بەغدا لەبارەی پشک و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمەوە دەرکرد.
وەزیرى دارایی عێراق، ناردنى زیاتر لە 11 ترلیۆن دینارى بۆ موچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان لە ساڵى 2024 بە دیارترین هۆکارى ئاڵنگارییەکانى بەردەم جێبەجێکردنى یاساى بودجە و کورتهێنان دانا و وتى: دەسەڵاتدارانى هەرێمى کوردستان داهاتى نەوتى و نانەوتیان رەوانە نەکردووە، ئەوەش کاریگەرى نەرێنى لەسەر بودجەى پارێزگاکانى دیکە دروستکردووە.
رونیشیکردەوە، بەپێی راپۆرتى تەرازووى پێداچوونەوە داهاتى نانەوتى هەرێم زیاتر لە چوار تریلیۆن دینار بووە و هەرێم تەنیا 320 ملیار دینارى رەوانەى بەغداد کردووە.
لەکۆبوونەوەکەدا بڕیاردراوە لیژنەیەک پێکبهێنرێت بۆ بەدواداچوونى شایستە داراییەکانى هەرێمى کوردستان لە ساڵانى 2024 ـ 2025 و بەدواداچوون بۆ کێشە هەڵپەسێردراوەکان.
لەبارەى هەموارى یاساى بودجە و ماددەى 12 ى تایبەت بە تێچووى بەرهەمهێنانى نەوت، تەیف سامى باسى لەوەکرد، وەزارەتەکەى هێشتا لەو بارەیەوە ئاگادارنەکراوەتەوە، بەڵام پێدانى شایستەى دارایی کۆمپانیا نەوتییەکانیان لە هەرێم بەستووەتەوە بە پێشکەشکردنى راپۆرتى تایبەت بە تێچووى بەرهەمهێنان و گواستنەوە و بەکاربردنى ناوخۆیی، بەشێوەیەک لە خشتەى بودجەى ئەمساڵ جێگەى بکرێتەوە، لەگەڵ رادەستکردنى سەرجەم داهاتى نەوت و نانەوتى هەرێم، لەپێناو دابینکردنى شایستە داراییەکان لەلایەن حکومەتى فیدراڵییەوە.
هەموارى یاساى بودجەى عێراق لە پەرلەمانى عێراق خوێندنەوەى یەکەمى بۆ کراوە و چاوەڕوانى خوێندنەوەى دووەم و پەسەندکردنیەتى، هەریەکە لە هەرێم و بەغداد چاویان لەوەیە لە رێگەى هەموارەکەوە کێشە داراییەکان و کێشەى راگرتنى هەناردەى نەوتى هەرێم چارەسەر بکرێن.
بەهۆى بەردەوامى کێشەکانەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیر و پەرلەمانتارانی کورد لە بەغداد کۆبوونەوە و رێککەوتن دوو داواکاریی بگەیەننە بەغداد، پێش ئەوەی بڕیاری کشانەوە لە پڕۆسەی سیاسی عێراق تاوتوێ بکەن.
دوو داواکارییەکە کە لەکۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و وەزیر و پەرلەمانتارانی کورد لە بەغداد، جگە لە پەرلەمانتارانی کۆمەڵ، یەکگرتوو، نەوەی نوێ، گەڵاڵەکران، پەیوەستن بە موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و پرسی هەمواری بودجەوە.
کۆبوونەوەکە ماوەی چوار كاتژمێری خایاند، کە تێیدا گفتوگۆ کرا لەبارەی کێشە داراییەکانی هەرێم و بەغداد، بەتایبەتی کێشەکانی پەیوەست بە موچەی فەرمانبەران و پشکی کورد لە بودجەی عێراق.
پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای کۆبوونەوەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەکۆبوونەوەکەدا بریاردرا دوو داواکاریی لە رێگەی ژمارەیەک لە وەزیرەکانی کوردەوە بگەیەنرێتە عێراق، وەک داواکاریی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2025.
رونیشیکردەوە: داواکارییەکان بریتین لە گرەنتیکردنی موچەی فەرمانبەران بۆ ساڵی 2025، پاراستنی مافی هەرێمی کوردستان لە هەمواری بودجەی عێراق.
موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە یەکێکە لە کێشە سەرەکییەکانی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و بەغداد، هەرێمی کوردستان بەردەوام بەغداد تۆمەتبار دەکات بەوەی پشکی تەواوی هەرێم لە بودجە نانێرێت، بەغدادیش هەرێم تۆمەتباردەکات بەوەی داهاتی ناوخۆ رادەست ناکات و پابەند نییە بە سیستمی دارایی فیدراڵییەوە.
وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان وتی : دەبێت بە هیچ شێوەیەک گرفت بۆ پرسی موچە دروست نەکرێت، جگە لەمە هیچ مشتومڕێکی دیکە لەسەر پرسی موچەی ناکەن.
حکومەتی هەرێمی کوردستان ساڵی رابردوو دەیان وەفدی ناردە بەغداد بۆ چارەسەری پرسی موچە و بودجە و سەرەڕای چەندین رێککەوتن کێشەکان بە هەڵپەسێردراوی مانەوە و بەو هۆیەشەوە چارەنوسی موچەی مانگی 12 ی ساڵی رابردووی فەرمانبەرانی هەرێم بە نادیاری ماوەتەوە.
لەکۆبوونەوە نائاساییەکەی حکومەتی هەرێم و نوێنەرانی کورد لە بەغداد، تاوتوێی گرتنەبەری هەڵوێستی دیکە کرا ئەگەر بەغداد داواکارییەکان جێبەجێ نەکات.
پێشەوا هەورامانی وتی :ئەگەر داواکارییەکان جێبەجێنەکرێن ڕەنگە بڕیارێک بدرێت خزمەت بە عێراق و هەرێمی کوردستانیش نەکات، کاریگەریشی هەبێت لەسەر سەقامگیری ناوچەکە.
جەختیشیکردەوە، ئەگەر بەمشێوەیە بەغداد مافەکانی خەڵکی کوردستان پێشێل بکات، بڕیاری کشانەوە لە پرۆسەی سیاسیی عێراق یان هەر بڕیارێکی دیکە، لەلایەن لایەنە سیاسییەکانەوە تاوتوێ دەکرێت.
سەرنجێک بنووسە
ئیمەیڵەکەت لەگەڵ سەرنجەکەدا بڵاونابێتەوە، ئەوانەی هێمای (*) پێوەیە زەرورین!*