کشانەوە لە بەغدا یان نەدانی مووچەی مانگێکی مووچەخۆران!

کشانەوە لە بەغدا یان نەدانی مووچەی مانگێکی مووچەخۆران!

سبەی لە هەولێر کۆبوونەوەیەکی نائاسایی حکوومەت بەڕێوەدەچێت و تێیدا باس لە نەدانی مووچەیەکی فەرمانبەرانی هەرێم دەکرێت

کوردنیوز: رێبوار حەمەلاو ئەحمەد

وا بڕیارە سبەی کۆبوونەوەیەک لە نێوان حکوومەتی هەرێم و نوێنەرانی کورد لە بەغدا بەڕێوەبچێت و تێیدا پرسی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە عێراق تاوتوێ بکرێن، وتەبێژی حکوومەتیش وتوویەتی دژی نەدانی شایستە داراییەکانی هەرێم بژاردەی کشانەوە لە بەغدا تاوتوێ دەکرێت، بەڵام چالاکوانان پێیان وایە ئەو کۆبوونەوەیە بۆ شەرعیەت دانە بە نەدانی مووچەی مانگی دوانزەی مووچە خۆرانی هەرێم.

حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژی هەینی، 10ـی کانوونی دووەمی 2025، لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند: “سبەی کاژێر 10:00ـی بەیانی لە شاری هەولێر بە ئامادەبوونی نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە حکومەتی فیدراڵی و سەرۆکی فراکسیۆنە کوردستانییەکانی سەرجەم لایەنەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیران و جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیرەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجوومەن ئەنجام دەدرێت.”

حکومەتی هەرێمی کوردستان وتوویەتی، “بابەتی کۆبوونەوەکە تایبەتە بە پرسی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە حکومەتی فیدراڵی.”

هەریەکە لە یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەریی کە لە بەغدا نوێنەریان هەیە رەتیان کردووەتەوە بەشداری کۆبوونەوەکە بکەن و دەڵێن: بەشداری کۆبوونەوەکە نائاساییەکە ناکەین.

پێشتر پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە میدیای حیزبەکەیەوە وتبووی، کشانەوە لە بەغدا لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێ دەکرێت، بەڵام ئەم پرسە بە دوور دەزانرێت چونکە حکوومەتی هەرێم لە دۆخێکدا نیە بتوانێت مەرج بەسەر بەغدا بسەپێنێت.

لەوبارەوە هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق وتوویەتی: “وەک سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی بەشدار دەبم لە کۆبوونەوەکەدا و پێم وایە سەرجەم سەرۆک فراکسیۆنەکانی دیکەش بەشداردەبن. نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکەش تاوتوێکردنی پرسی مووچە دەبێت، لەگەڵ هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ گرفت و بەربەستەکانی بەردەم هاتنی مووچەی مووچەخۆران لەکاتی خۆیدا.”

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی دەشڵێت: “بڕیارە هەر لە کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا تاوتوێ بکرێن، بەڵام بە دووری دەزانین هیچ بڕیارێک لەسەر کشانەوەمان لە حکومەتی فیدراڵی بدرێت.”

لە بەغدا جگە لە پارتی و یەکێتی هەریەکە، لە نەوەی نوێ، کۆمەڵی دادگەری یەکگرتووی ئیسلامی نوێنەریان لە پەرلەمانی عێراق هەیە، پارتی و یەکێتیش بە ژمارەیەک وەزیر و پۆستی باڵا لە حکوومەتی فیدڕاڵی بەشدارن.

تا ئێستا دیار نیە نەوەی بەشداری لە کۆبوونەوەکە دەکات یان نا، هەر چەندە لە رابردوودا ئەم حیزبە رەتی کردووەتەوە هیچ دانیشتنێک لەگەڵ پارتی و یەکێتی ئەنجام بدات بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی ئەو کۆبوونەوانەی ئەم دواییانە بۆ پێکهێنانی حکوومەت لەگەڵ ئەو دوو حیزبە ئەنجامیان داوە گومان دەکرێت بەشداری بکەن.

سەرۆکی نەوەی نوێ هەفتەی رابردوو لە تورکیا لەگەڵ جێگری وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە دەرکەوت، بە گوێرەی زانیارییەکان ئامانجی کۆبوونەوەکە پێکهێنانی حکوومەتی نوێی هەرێم بووە.

هەرچی چالاکوانان و رێکخراوەکانی دژ بە دەسەڵاتی پارتی و یەکێتین پێیان وایە ئەو کۆبوونەوەیە ئامانجەکەی تەنیا شەرعیەت دانە بە دابەش نەکردنی مووچەی مانگی ١٢ی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکوومەتی هەرێمەوە.

ئەوەش بەو پێیەی بەغدا پارەی پێویستی بۆ دابەشکردنی مووچە رەوانە کردووە بەڵام حکوومەتی هەرێم دابەشی ناکات و سەرەڕای ئەوەی داهاتی ناوخۆ و داهاتی فرۆشراوی نەوتی بەقاچاخی لەبەردەستدایە.

ئەنجامدانی کۆبوونەوەکە بە هۆی ئەو فشارە زۆرانەیە لە سەر کابینەکەی مەسرور بارزانی دروستبووە، ئەوەش بەهۆی دابەش نەکردنی مووچەی مانگی دوانزەی مووچەخۆرانەوە.

بە گوێرەی ئەو داتایانەی خودی وەزارەتی دارایی هەرێم بڵاویکردوونەتەوە بە درێژایی ساڵی رابردوو بڕی زیاتر لە ١٠ ترلیۆن و ٧٥٠ ملیار دینار رەوانەی هەرێم کراوە، لە گەڵ ئەوەشدا ٩٦٠ ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ خراوەتە سەر ئەو پارەیە بۆ دابەشکردنی مووچە بەوەش بڕی ١١ ترلیۆن و ٧١٠ ملیار دینار بۆ مووچە بەکارهاتووە کە ئەم پارەیە بە گوێرەی داتاکانی وەزارەتی دارایی بەشی هەر دوانزە مووچەکە دەکات کەچی حکوومەتی هەرێم دیسان رەتی دەکاتەوە و دەڵێت پارەی پێویستم لەبەردەست نیە.

چاوەڕوان دەکرێت دابەش نەکردنی مووچەی مانگی دوانزە شەپۆلی فراوانی ناڕەزایی لە هەرێمی کوردستان دروست بکات چونکە، ئەو پارانەی لەبەغداوە بۆ مووچە هاتوون چالاکوانان و مووچەخۆران پێیان وایە بە تەواوی بۆ مووچە بەکارنەهاتوون.

حکوومەتی هەرێم ساڵی رابردووش سێ مووچەی کۆتایی ساڵی دابەش نەکرد بۆیە گومان دەکرێت ئەمساڵیش مووچەیەکی مووچەخۆرانی هەرێم کە قەبارەکەی نزیکەی ترلیۆنێک دینارە دابەشی نەکات.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

سەرنجێک بنووسە

ئیمەیڵەکەت لەگەڵ سەرنجەکەدا بڵاونابێتەوە، ئەوانەی هێمای (*) پێوەیە زەرورین!*

دوایین بڵاوکراوەکان

سەرنجدراوترین

ڤیدیۆ هەڵبژێدراوەکان