لە سەردانەکەیدا سودانی چاوی بە عەلی خامنەیی رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران کەوت و باس لە پرسی هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی کراوە
کوردنیوز: رێبوار حەمەلاو ئەحمەد
سودانی سەردانەکەی بۆ تاران ئەنجامدا و پەیامی ئێرانییەکانی لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی وەرگرتەوە.
ئەمڕۆ محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی بۆ تاران ئەنجامدا و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کۆبوویەوە.
لە سەردانەکەیدا سودانی چاوی بە عەلی خامنەیی رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران کەوت و بە گوێرەی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە باس لە پرسی هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی کراوە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووەعەلی خامنەیی رایگەیاندووە، حەشدی شەعبی یەکێکە لە پێکهاتە گرنگەکانی دەسەڵات لە عێراق، پێویستە هەوڵی زیاتر بدرێت بۆ پاراستن و بەهێزکردنی.
هەروەها وتوویەتی بەڵگەکان ئەوە دەردەخەن کە ئەمریکییەکان بە دوای سەقامگیری و فراوانکردنی ئامادەیی خۆیان لە عێراقدا دەگەڕێن.
ئەم وتانەی عەلی خامنەیی رەتکردنەوەی داواکاری ئەمریکایە بۆ هەڵوەشاندەوەی گرووپە میلیشیاکانی سەر بە حەشدی شەعبی کە لەلایەن تارانەوە ئاڕاستە دەکرێن بەڵام لە سەر بودجەی گشتی عێراقییەکان دەژین.
بە گوێرەی زانیارییەکان، ئەمریکا لە دوایین پەیامیدا بۆ سودانی هۆشداری ئەوەی پێدراوە ئەگەر گرووپەکانی حەشد هەڵنەوەشێنرێنەوە ئەوا دەکەونە بەر گورزی ئاسمانی ئیسرائیل هەر بۆیە پێویستە ئەو گرووپانە نەمێنن.
پێش سەردانەکەی تاران، راوێژکارێکی سودانی ئاشکرای کردبوو، کە ئەمریکییەکان بە جددی لەسەر هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی هاتوونەتە سەر خەت و پەیامێکی توندیان بە سەرۆک وەزیرانی عێراق داوە.
بە گوێرەی زانیاریی میدیاکان، ئامانجی سەرەکی لە سەردانەکەی سودانی بۆ تاران پرسی هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی حەشد بووە تا داوا لە ئێرانییەکان بکات ئەو گرووپانە هەڵوەشێننەوە چونکە ئەمریکا و ئیسرائیل دەیانکەنە ئامانج بەوەش مەترسی جددی لەسەر عێراق دروست دەبێت.
پێشتریش ئیسرائیل چەند جارێک هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەی لە گرووپە شیعەکانی ناو عێراق کردبوو بەڵام بەهۆی فشارەکانی ئەمریکاوە ئەو پرسە دواخراوە.
کەوتنی رژێمی ئەسەد لە سوریا، لاوازبوونی حیزبوڵلا لە لوبنان و حەماس لەغەززە، ئیسرائیلی دەست واڵا کردووە کە هەنگاوی دواتر لە یەمەن و عێراق بنێت بۆیە پێشبینی دەکرێت جەنگی داهاتووی ئیسرائیل لەگەڵ حوسییەکانی یەمەن و هێزەکانی حەشد لە عێراق بێت.
حەشدی شەعبی دوای ساڵی ٢٠١٤ بەهۆی هێرشی چەکدارانی داعش لە موسڵ بە فەتوایەکی سیستانی دامەزران، ئێستا دەیان گرووپی جۆراوجۆریان لێ دروستکراوە و ساڵانە ملیارەها دۆلار لە بودجەی گشتی عێراقیان بۆ تەرخان دەکرێت.
بینەری ئەم راپۆرتە بە لە یوتیوبی کوردنیوز
سەرنجێک بنووسە
ئیمەیڵەکەت لەگەڵ سەرنجەکەدا بڵاونابێتەوە، ئەوانەی هێمای (*) پێوەیە زەرورین!*