بە تەنیا یەک پەیجی سەر بە یەکێتی نیشتیمانی لە ماوەی سێ ساڵدا زیاتر لە ١٠٠ هەزار دۆلاری لە سپۆنسەرکردنی پۆستەکانی خەرجکردووە
کوردنیوز:
بە گوێرەی ئەو داتایانەی لە کۆمپانیای مێتاوە دەستکەوتوون، بە تەنیا یەک پەیجی سەر بە یەکێتی نیشتیمانی لە ماوەی سێ ساڵدا زیاتر لە ١٠٠ هەزار دۆلاری لە سپۆنسەرکردنی پۆستەکانی خەرجکردووە.
پەیجەکە بە ناوی (مەکتەبی هەڵبژاردن – Election Bureau)ەوە ئەو بڕە پارەیەی لەو پۆستانەدا خەرجکردووە کە پۆستی سیاسی بوون.
پەیجەکە وەک “مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان” خۆی ناساندووە.
بە گوێرەی راپۆرتی دارایی فەیسبووک لە ٢٥ی ٨ی ٢٠٢١ تا ٥ی ١ی ٢٠٢٥ كە سێ ساڵ و چوار مانگ و ١١ رۆژ دەکات، بڕی 100،548$ کە بەرانبەرە بە (دە دەفتەر و ٥٤٨) دۆلار، خەرجی کردووە.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، ئەو پارەیە لە ٢٨٠ پۆستدا خەرج کراوە کە بە تێکڕا هەر پۆستێک بڕی ٣٥٩.١ دۆلاری بەر دەکەوێت.
بە گوێرەی راپۆرتەکە پەیجەکە “Disclaimer” ی Click Iraq ی بەکارهێناوە و لە ژێر ئەو ناوەدا پلەی یەکەمی لە خەرجکردنی پارە لە تەواوی عێراق وەرگرتووە.
دیسکڵایمەر”Disclaimer” واتە هەڵنەگرتنی بەرپرسێارێتی؛ فەیسبووک لە کۆتایی ساڵی 2021ەوە بۆ ئەو پەیجانەی دانا کە پۆستی سیاسی سپۆنسەر دەکەن.
ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەم پەیجە تەنیا ٥٢ هەزار فۆلۆوەرزی هەیە کە بەراورد بە بڕە پارەی تێیدا خەرجکراوە یەک ناگرێتەوە.
زۆرینەی ئەو پارەیەی تێیدا خەرجکراوە لە نێوان ساڵی کۆتایی ٢٠٢١ تا کۆتایی ٢٠٢٢ بووە، بەو پێیەی لە داتاکانی فەیسبووکدا دەردەکەوێت لە ماوەی ٩٠ رۆژی رابردوودا تەنیا ٣٩٧ دۆلاری تێدا خەرجکراوە.
ئەم پەیجە تاکە پەیج نیە کەو ئەو پارە زۆرەی تێدا خەرجکراوە بەڵکو پەیجەکانی سەر بە پارتی دیموکرات پلەی یەکەمیان وەرگرتووە کە لە تەواوکاری ئەم زنجیرە بەدواداچوونەدا رۆژانە ئاشکرایان دەکەم.
فەیسبووک تەنیا داتای ئەو پۆستانە دەخاتەڕوو کە بابەتی سیاسی بوون، بە پێچەوانە ئەگەر سپۆنسەرێک وەک بابەتی سیاسی نەیناسێت داتاکانی ناخاتە بەردەست، ئەوەش بەو واتایە دێت دەکرێت ئەو بڕە پارەیەی لەم پەیجەدا خەرجکراوە زیاتر بێت.
رێبوار حەمەلاو ئەحمەد
سەرنجێک بنووسە
ئیمەیڵەکەت لەگەڵ سەرنجەکەدا بڵاونابێتەوە، ئەوانەی هێمای (*) پێوەیە زەرورین!*