کازم فاروق راستەوخۆ شاسوار عەبدولواحیدی بە ژەهرخواردکردنی بە ئامانجی کوشتنی تۆمەتبار کرد
کوردنیوز:
دکتۆر کازم فاروق دوای دوو ساڵ بۆ یەکەمجار بە راستەوخۆ شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێی بە ژەهرخواردکردنی بە ئامانجی کوشتنی تۆمەتبار کرد و ئاشکرای کرد کە دۆسیەیەکی یاسایی لەسەر کردووەتەوە.
شەوی رابردوو دکتۆر کازم فاروق سەرۆکی فراکسیۆنی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای کرد کە لەلایەن خودی شاسوار عەبدولواحیدەوە و لە ماڵی خۆی لە گوندی ئەڵمانی ژەهرخوارد کراوە.
کازم فاروق لە تۆمارە ڤیدیۆییەکەیدا باسی لەوەکردووە، بەهۆی ئاشکراکردنی پەیوەندییەکانی نێوان شاسوار عەبدولواحید و بەرپرسانی پارتی دیموکراتەوە ژەهرخوارد کراوە.
چیرۆکی ژەهرخواردکردنەکەی بۆ ساڵی ٢٠٢١ دەگەڕێتەوە ئەو کاتەی بەشێوەیەکی گوماناوی دکتۆر کازم فاروق دەرکەوتنی لە میدیاکانەوە نەما و دوای زیاتر لە مانگێک لەلایەن کەسوکارەکەیەوە ئاشکرا کرا کە تووشی نەخۆشییەکی کوشندە بووە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی هەر ئەو کات کوردنیوز ئاشکرای کردن، پزیشکەکانی کازم فاروق ئەوەیان ئاشکرا کردووە کە ئەو برینانەی لە گەدە و ریخوڵەی دروستبوون نیشانی دەدات کە ژەهرخوارد کراوە.
کوردنیوز ئەوەی ئاشکرا کردبوو بە دوو مانگ پێش ئاشکرابوونی دۆسیەی ژەهرخوارکردنەکە، میدیاکانی نەوەی نوێ کە دیارترینیان کەناڵی ئێن ئاڕتیە هەرجۆرە دەرکەوتنێکی کازم فاروقیان لێ قەدەغە کرابوو و رێگەیان پێ نەدەدرا کە رووماڵی چالاکییەکانی بکەن.
لە ساڵی ٢٠٢١ەوە چەند جارێک کازم فاروق پەیامی ڤیدیۆیی لەسەر دۆسیەکەی بڵاوکردووەتەوە و بە ناڕاستەوخۆ شاسوار عەبدولواحیدیان بە ژهرخواردکردنی تۆمەتبار کردووە.
لە بەرانبەردا شاسوار عەبدولواحید و چەند کەسێکی دەورووبەری لە میدیاکانەوە هێرشی توندیان بۆ سەر کازم فاروق دەست پێ کردووە و بەوە تۆمەتباری دەکەن کە لەلایەن پارتی و یەکێتییەوە ئاڕاستە دەکرێت.
لە بەرانبەر ئەو تۆمەتانەدا، هەر شەوی رابردوو کازم فاروق دۆکۆمێنتێکی ئاشکرا کرد کە تێیدا دەری دەخات لە گەرمەی ناکۆکییەکانی نێوان شاسوار عەبدولواحید و یەکێتی نیشتیمانی، زەوییەکی لە ناوچەیەکی نایابی سلێمانی پێدراوە کە بەهاکەی بە زیاتر لە ٣٠٠ ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت.
جیا لەوە کازم فاروق بە فەرمی دانی بەوەدانا راستەوخۆ لەلایەن خودی شاسوار عەبدولواحیدەوە لە ماڵەکەی خۆی لە نیوەڕۆ خوانێکدا ژەهرخواردی کردووە.
ئەو ئاماژەی بەوە کرد کە ژەهرەکەی لە رێگەی شەربەتێکی تایبەتەوە پێ دراوە کە دوای خوانەکە پێشکەشی کراوە.
بەپێی ئەو بەڵگانەی کازم فاروق خستنیە ڕوو دەردەکەوێت کە نەخۆشییەکەی بەهۆی کاریگەری ژەهرەکەوە بووە کە پێی دراوە.
ئەوەی جێگەی سەرنجە تا ئێستا هیچ لایەنێکی پەیوەندیدار لەسەر ئەو دۆسیەیە نەهاتووە دەنگ و لیژنەی لێکۆڵینەوەی لەسەر پێک نەهێناوە.
پێشتر شاسوار عەبدوالحید بەردەوام بەوە تۆمەتبار کراوە کە پەیوەندی ژێر بە ژێری لەگەڵ پارتی و یەکێتی هەیە ئەوەش وایکردبوو کە هێزە سیاسییەکانی دەرەوەی ئەو دوو حیزبە ئامادە نەبن پەیوەندی سیاسیی لەگەڵ ببەستن.
سەرنجێک بنووسە
ئیمەیڵەکەت لەگەڵ سەرنجەکەدا بڵاونابێتەوە، ئەوانەی هێمای (*) پێوەیە زەرورین!*