بە گەورەترین پرۆسەی دۆزینەوەی دادەنرێت لەم دە ساڵەی دوایدا
کوردنیوز:
وەزارەتی نەوتی عێراق، دۆزینەوەی یەدەگێكی نەوتیی زەبەلاحی لە ناوەڕاستی وڵات ئاشكرا کرف، كە بڕەكەی بە دوو ملیار بەرمیل نەوت مەزەندە دەكرێت، ئەوەش بە گەورەترین پرۆسەی دۆزینەوەی دادەنرێت لەم دە ساڵەی دوایدا.
كۆمپانیای نەوتی ناوەڕاست، كە لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە خاوەنداری دەكرێت، لەبەیەننامەیەكدا رایگەیاندووە: بەهاوكاری لەگەڵ كۆمپانیای (EBS)ی چینی، توانیویانە دۆزینەوەیەكی نەوتیی گەورە بەدیبهێنن لە كێڵگەیەك لە رۆژهەڵاتی بەغداد، كە بایەخێكی ستراتیجی هەیە بەوپێیەی دەچێتە سەر باڵانسی یەدەگی نەوتی عێراق.
عێراق بە خاوەنی پێنجەم گەورەترین یەدەگی نەوتی سەلمێنراو دادەنرێت لەسەر ئاستی جیهان، كە بڕكەی دەگاتە (140) ملیار بەرمیل، تێكڕای مامناوەندی هەناردەكردنی رۆژانەشی (3) ملیۆن و (640) هەزار بەرمیلە.
پسپۆڕانی بواری وزە دەڵێن، ئەو دۆزینەوەیە بەشدار دەبێت لە پشتیوانیكردنی پلانەكانی عێراق بۆ زایدكردنی بەرهەمی نەوتی بۆ (6) ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە لە ساڵی (2027)، كە ئەوەش رەنگدانەوەی دەبێت لەسەر داهاتی نیشتمانی و هاوكاری دابینكردنی دارایی دەكات بۆ پرۆژەكانی گەشەپێدان كە وڵاتەكە پێویستی پێیەتی.
بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە دوای گرێبەستێکی نەوتیی زەبەلاحی وەزارەتی نەوت لەگەڵ کۆمپانیای بریتیش پترلیۆمی بەریتانی دێت کە هەفتەی رابردوو لە بەریتانیا واژۆ کرا.
سەرنجێک بنووسە
ئیمەیڵەکەت لەگەڵ سەرنجەکەدا بڵاونابێتەوە، ئەوانەی هێمای (*) پێوەیە زەرورین!*