دۆناڵد ترەمپ نەخشەیەکی نوێی ئەمریکای بڵاوکردووەتەوە، کەنەدای دراوسێی وڵاتەکەی بە 51ـەمین ویلایەتی ئەمریکا داناوە
کوردنیوز:
سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، دووبارە کەنەدییەکان تووڕە دەکات، ئەمجارە بە بڵاوکردنەوەی نەخشەیەکی نوێی وڵاتەکەی، کە کەنەدای وەکو 51ـەمین ویلایەتی ئەمریکا داناوە.
ئەمڕۆ (چوارشەممە، 8ـی کانوونی دووەمی 2025) دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەی بەناوی سۆشیاڵ تروس، نەخشەیەکی نوێی ئەمریکای بڵاوکردووەتەوە، لەو نەخشەیەدا، ترەمپ، کەنەدای دراوسێی وڵاتەکەی بە 51ـەمین ویلایەتی ئەمریکا داناوە و لەسەر نەخشەکەش نووسیوویەتی “ئای کەنەدا!”
لەدوای دەستلەکارێشانەوەی جەستن ترودۆ، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا لە 6ـی کانوونی دووەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ هەوڵیداوە ئەو بڕیارەی ترودۆ بقۆزێتەوە و دووپات لە هەڵوێستەکەی بکاتەوە کە داوای کردووە، کەنەدا ببێتە 51ـەمین ویلایەتی ئەمریکا.
بەڵام پێش بڵاوکردنەوەی نەخشەکەش، ترودۆ، لە ئێکس نووسیبووی “دەرفەتی بوونی کەنەدا بە بەشێک لە ئەمریکا، سفرە.”
سێشەممە، 7ـی کانوونی دووەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ئەو هەوڵدەدات گوشاری ئابووری لە کەنەدا بکات تاوەکو ببێتە بەشێک لە خاکی ئەمریکا. سنووری نێوان کەنەدا و ئەمریکای بە “دەستکرد” ناوبرد.
هەروەها لەو کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەدا، ترەمپ هەڕەشەی کرد 25٪ لە باجی گومرگ بخاتە سەر هەر کاڵایەک کە لە کەنەدا و مەکسیکەوە دێتە نێو ئەمریکاوە.
ترەمپ لەبارەی کەنەدا دەڵێ وڵاتەکەی بە ملیاران دۆلاری لە پاراستنی سنوورەکانی کەنەدا خەرج کردووە. گوتیشی: “دەبێت ئەوان [کەنەدا] ببێتە ویلایەتێک (ـی ئەمریکا).”
ئەو هەڕەشانەی ترەمپ لە کەنەدا لەکاتێکدایە، بڕیارە 20ـی کانوونی دووەم، ئەو وەکو 47ـەمین سەرۆکی ئەمریکا بە فەرمی دەست بەکاربێت و بگەڕێتەوە بۆ کۆشکی سپی.
سەرنجێک بنووسە
ئیمەیڵەکەت لەگەڵ سەرنجەکەدا بڵاونابێتەوە، ئەوانەی هێمای (*) پێوەیە زەرورین!*