میدیاکان: هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی ئامانجی سەرەکی سەردانەکە دەبێت
کوردنیوز:
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە ئەم هەفتەیە سودانی سەردانی تاران دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کۆ دەبێتەوە.
بە گوێرەی راگەیەندراوەکە رۆژی چوارشەممەی داهاتوو ٨ی ١ی ٢٠٢٥ سەردانەکە ئەنجام دەدات.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی هەردوو وڵات، پێشهاتەکانی ناوچەکە تاوتوێ دەکرێن، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو رێککەوتنانەی لەسەردانەکەی مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ بەغدا واژۆ کران بەدواداچوونیان بۆ دەکرێت.
پێشتر بەشێک لە میدیا عێراقییەکان وایان بڵاوکردەوە، سودانی پرسی هەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەکدارەکان لەگەڵ ئێرانییەکان لەسەردانێکی فەرمیدا بۆ تاران تاوتوێ دەکات.
بەگوێرەی زانیاری میدیاکان ئامانجی سەرەکی سەردانەکە ئەو فشارانەیە کە ئەمریکا لەسەر حکوومەتەکەی سودانی دروستی کردوون تا هێزەکانی حەشدی شەعبی هەڵوەشێنێتەوە بۆ ئەو مەبەستەش پەیامێکی لە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکاوە پێ گەیشتووە.
جیا لەوە راوێژکارێکی سودانی لە دیمانەیەکی تەلەفزیۆنیدا ئەوەی ئاشکرا کرد کە لە سەردانەکەی ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ بەغدا داوای هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی خراوەتەڕوو.
هێشتا بەرنامەی کاری سەردانەکەی سودانی بڵاونەکراوەتەوە بەڵام پێشبینی دەکرێت چاوی بە عەلی خامنەیی رابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران بکەوێت و ناوەڕۆکی هۆشدارییەکانی ئەمریکای پێ بگەیەنێت.
ئەمە سێهەم سەردانی سودانی دەبێت بۆ ئێران لەو کاتەوەی پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراقی لە مانگی ١٠ی ساڵی ٢٠٢٢ وەرگرتووە، سەردانی یەکەم لە هەمان ساڵ و لە ٢٩ی ١١ی ٢٠٢٢ دوای مانگێک لە دەستبەکاربوونی ئەنجامدا، سەدانی دووەمی لە ٢٢ی ٥ی ٢٠٢٤ بوو بۆ بەشداریکردن لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی ئیبراهیم رەئیسی سەرۆک کۆماری کۆچکردووی ئەو وڵاتە بوو.
سەرنجێک بنووسە
ئیمەیڵەکەت لەگەڵ سەرنجەکەدا بڵاونابێتەوە، ئەوانەی هێمای (*) پێوەیە زەرورین!*