وەزارەتی تەندروستیی گشتاندنێکی بۆ رێککارەکانی خۆپارێزی و مامەڵەکردن لەگەڵ تووشبووانی نەخۆشیی ئاوڵەی مەیموون بڵاوکردەوە.
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان گشتاندنێکی بە زانیاریی و نیشانەکان و هۆکارەکان و رێککارەکانی خۆپارێزی و مامەڵەکردن لەگەڵ تووشبووانی نەخۆشیی ئاوڵەی مەیموون بڵاوکردەوە.
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە گشتاندنێکدا کە ئەمڕۆ دووشەممە، 19ـی ئاب ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی گشتیی تەندروستی لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان و کۆیەی لەبارەی نەخۆشیی” ئاوڵەی مەیموون”ەوە کردووە، زانیارییەکان و گومانی دەرکەوتنی نەخۆشییەکە و رێککارەکانی خۆپارێزی و چەندین رێککاری دیکەی باسکردووە.
تائێستا هیچ تووشبوویەکی نەخۆشییە نوێیەکەی “ئاوڵەی مەیموون” لە هەرێمی کوردستان و عێراق تۆمار نەکراوە. وەزارەتەکە دەڵێت ماوەی کارکردنی نەخۆشییەکە لەنێوان 6 بۆ 13 رۆژە و پێنج شێوازی گواستنەوەی نەخۆشییەکەی خستووەتەڕوو.
بەپێی گشتاندنەکە مەترسیی نەخۆشییەکە بۆ هەندێک کەس لەوانە منداڵانی زۆر بچووک، ژنانی دووگیان، کەسانی بەساڵاچوو یان کەسانی بەرگری لاواز زیاترە تاوەکو کەسانی دیکە.
وەزارەتی تەندروستیی کوردستان، داوای جیاکردنەوەی هەر نەخۆشێک دەکات گومانی تووشبوونی بە نەخۆشییەکە هەبێت، جگە لەوەی بە پێویستی دەزانێت لەو کاتەدا دەبێت بەدواداچوون بۆ ئەگەری بوونی حاڵەتی هاوشێوەش بکرێت.
سەرنجێک بنووسە
ئیمەیڵەکەت لەگەڵ سەرنجەکەدا بڵاونابێتەوە، ئەوانەی هێمای (*) پێوەیە زەرورین!*