پزیشکی نەشتەرگەریی گشتی، ڤیڤێک مۆرسی بە ئاماژەدان بەوەی گەنجان کاتێکی زۆر بەسەر دەبەن بە بەکارهێنانی ئینتەرنێت، هۆشداری دەدات لەوەی ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی توانی یەکتربینینی ئەوان لەگەڵ کەسانی دیکە کەم ببێتەوە
پزیشکی نەشتەرگەریی گشتی، ڤیڤێک مۆرسی بە ئاماژەدان بەوەی گەنجان کاتێکی زۆر بەسەر دەبەن بە بەکارهێنانی ئینتەرنێت، هۆشداری دەدات لەوەی ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی توانی یەکتربینینی ئەوان لەگەڵ کەسانی دیکە کەم ببێتەوە.
ڤیڤێک مۆرسی سەرنجی خستوەتە سەر ئەوەی کە بە پێچەوانەی کەسانی بەساڵداچوو تۆڕی کۆمەڵایەتی کەمتر بوەتە هۆی دڵخۆشیی گەنجان و ئەوانی زیاتر پەلکێشی تەنیایی کردوە.
مۆرسی بە میدیای تایمز’ی ڕاگەیاندوە لە کاتی قسەکردن لەگەڵ گەنجاندا بۆی دەرکەوتوە ئەوان تا دێت زیاتر کات بە بەکارهێنانی ئینتەرنێت بەسەر دەبەن و دەڵێت: “بۆم دەرکەوت ئەوان بە تایبەت خوێندکارانی زانکۆ کەمتر حەز دەکەن لەگەڵ خەڵک یەکتر ببینن. ئەمەیش دەبێتە هۆی کەمبونەوەی توانای دروستکردنی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی. ئەوەی دەبێتە هۆی دروستکردنی ئەو پەیوەندییە، ماسولکەی کۆمەڵایەتییە و ئەگەر بەکاری نەهێنین ئەویش لاواز دەبێت”.
توێژینەوەی زانستییش ئەمەی سەلماندوە
بەپێی ڕاپۆرتی دڵخۆشی لە جیهان کە توێژینەوەیەکی نێودەوڵەتییە و بە پێشەنگایەتی زانکۆی ئۆکسفۆرد مانگی ڕابردو بڵاو کرایەوە، دەرکەوتوە دڵخۆشی لەنێو گەنجان کەم بوەتەوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا سەرنج خراوەتە سەر ئەوەی دڵخۆشترین کەسەکانی بەریتانیا بەساڵداچوەکانن و کەمترین دڵخۆشیش لەنێو گەنجاندا بەدی کراوە. وێڕای ئەوەی لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە گەنجان توانای دروستکردنی پەیوەندیی کۆمەڵایەتییان زیاترە، سەرنج خراوەتە سەر ئەوەی، بەڵام لە بە ساڵدواچوان زیاتر هەست بە تەنیایی دەکەن.
دکتۆر مۆرسی داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی وڵاتان دەکات ماوەی بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕێک بخەن، دەڵێت: “چەندین خاڵی لێکچوو لە دۆخی دەرون گەنجانی ئەمەریکا و بەریتانیا دەبیندرێت. تێکەڵاونەبون و متمانەپێنەکردن بە کەسانی دیکە، وا دەکات گەنجان هەست بە تەنیایی بکەن و دورەپەرێز بن”.
ڤیڤێک مۆرسی سەرنج دەخاتە سەر ئەوەی کە هەرچەند تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەبنە هۆی ئەوەی بە ئاسانتر پەیوەندی بە کەسانی دیکەوە بکرێت، بەڵام دەشبێتە هۆی ئەوەی مرۆڤ لە دانیشتنی ڕوبەڕوو دور بکەوێتەوە.
ژمارەیەکی زۆر لە پسپۆڕان بە پێویستی دەزانن لە کاتی بەکارهێنانی مۆبایلدا، ڕۆژانە لە دوو کاتژمێر زیاتر سەیری شاشە نەکرێت.
سەرنجێک بنووسە
ئیمەیڵەکەت لەگەڵ سەرنجەکەدا بڵاونابێتەوە، ئەوانەی هێمای (*) پێوەیە زەرورین!*