ئەمڕۆ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە تورکیا و لەلایەن هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەوە پێشوازی کرا
کوردنیوز:
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە تورکیا و لەلایەن هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەوە پێشوازی کرا.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ سێشەممە، 7ی 1ی 2025، مەسرور بارزانیبە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا و لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆككۆماری توركیا و هاکان فیدان، وەزیری دەرەوە و ژمارەیەک بەرپرسی باڵای دیکەی ئەو وڵاتە کۆ دەبێتەوە.
بە گوێرەی راگەیەندراوی حکوومەت، لە دیدارەکاندا، گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە و دوایین پێشهاتەکانی دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە دەكرێت و بە تایبەتی گۆڕانکارییەکانی سووریا تاوتوێ دەکرێن.
دوای گەیشتنی بە تورکیا لەگەڵ هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبوویەوە، حکوومەتی هەرێم دەڵێت: له كۆبوونهوهكهدا گفتوگۆ لەبارەی برهودان به پهيوهندييهكانى ههرێمى كوردستان و تورکیا و دوایین پەرەسەندنەکانی بارودۆخی گشتيی عێراق و ناوچەکە کراوە.
ئەم سەردانە هاوکاتە لەگەڵ ئەو پەرەسەندنانەی لە سوریا و رۆژئاوای کوردستان روودەدەن.
بەرپرسانی تورکیا ناو بە ناو لەگەڵ کەسایەتییە سیاسییەکانی هەرێم کۆ دەبنەوە، کۆتایی مانگی رابردووش لەگەڵ سەلاحەدین بەهادین ئەمینداری یەکگرتووی ئیسلامی کۆبوونەوە.
ئەمڕۆش هەواڵی کۆبوونەوەی شاسوار عەبدولواحید لەگەڵ جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاشکرا بوو، لەگەڵیشدا مەسرور بارزانی سەردانی ئەنقەرەی کرد.
ئەم هەنگاوانەی تورکیا هاوکاتن لەگەڵ ئامادەکاری بۆ دەستکردن بە هێرشی سەربازیی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان و دەستکردنەوە بە پرۆسەی ئاشتی لە باکوری کوردستان.
سەرنجێک بنووسە
ئیمەیڵەکەت لەگەڵ سەرنجەکەدا بڵاونابێتەوە، ئەوانەی هێمای (*) پێوەیە زەرورین!*