بژاردەکانی مەسرور بارزانی دوای هەڵبژاردن!

بژاردەکانی مەسرور بارزانی دوای هەڵبژاردن!

هەرێمی کوردستان دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان قۆناغێکی نوێ ئەزموون دەکات

هەرێمی کوردستان دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان قۆناغێکی نوێ ئەزموون دەکات، کە دوور نیە بگەڕێتەوە سەردەمی دوو ئیدارەیی و جیاکردنەوەی یەکجارەکی ماڵ لە نێوان بافڵ تاڵەبانی و مەسرور بارزانیدا.

پەیامەکەی بافڵ تاڵەبانی بۆ مەسرور بارزانی، راستی جەوهەری ئەو ململانێیە سەختەی خستەڕوو کە دوو ساڵ زیاترە حیزبەکانیان بە ناچاری دەست و پەنجەی لەگەڵ نەرم دەکەن.

پارتی دڵنیا بوایە کابینەی داهاتوو دەتوانێت بێ کێشە بۆ مەسرور بارزانی بەدەست بهێنێت، ئامادەیی تێدا دەبوو لەگەڵ یەکێتی لەسەر چەند کورسییەکی کۆتاکان رێک بکەوێت و هەڵبژاردنی پەرلەمان پەک نەخات.

ئەو نەخشە رێگەیەی بۆ هەرێمی کوردستان کێشراوە، نزیک کردنەوەی کورسییەکانی پارتی و یەکێتییە و کۆتایی هێنانە بەو تاکڕەوییەی پارتی ماوەی چەند ساڵێکە پەیڕەوی دەکات.

ئێستا بافڵ تاڵەبانی بووەتە مەترسی جددی لەسەر پێگەی مەسرور بارزانی، لە تەواوی ئەو ململانێیانەدا لە دوو ساڵی رابردوو لە بەغدا و هەرێمی کوردستان هەیانبووە، بافڵ تاڵەبانی براوە بووە!

*- لە ململانێی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماردا

*- لە ململانێی کورسی کۆتاکان

*- لە دابەشکردنی پۆستەکانی نەینەوا

*- لە دابەشکردنی پۆستەکانی کەرکووک

*- دەرهێنانی مەلەفی نەوت لە دەست پارتی

*- جیاکردنەوەی پشکی پارێزگاکان لە یاسای بودجەی عێراق

*-مل نەدان بە رادەست کردنی غاز هاوشێوەی نەوت

لە دوو ساڵی رابردوودا و لەم وێستگانەدا بافڵ تاڵەبانی توانی لە مەسرور بارزانی باتەوە، کە بە دڵنیاییەوە پشتیوانی ئێرانییەکان ئەنجامەکانی بەدیهاتوون.

🔹ململانێی سەخت و یەکلاکەرەوەکە!

ئەگەر هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام درا، ئەنجامەکان مەرج نیە بە پێی ئەو دەنگانە بن کە دەخرێنە ناو سندوقەکانەوە.

ئەوەی پێشبینی کراوە ئەوەیە، جیاوازی نێوان کورسییەکانی پارتی و یەکێتی هاوشێوەی خولی رابردوو نابێت! (٤٥ بە ٢١) جیاوازییەکەی ٢٤ کورسییە، بەڵکو لە نێوان ٨ بۆ ١٠ کورسی دا دەبێت.

ئەم ئەنجامە ململانێکان تا ئاستی جیاکردنەوەی ماڵ بە یەکجاری دەبات و کردنەوەی گرێ کوێرەی پێکهێنانی کابینەی داهاتوو یەکجار سەخت و ئاڵۆز دەکات.

راستیەکی حاشا هەڵنەگرە کە بێ ئۆکەی یەکێتی ناتوانرێت سەرۆکی حکوومەتی داهاتوو هەڵبژێردرێت بۆیە بافڵ لە خۆیەوە ناڵێت”بێ ئۆکەی حیزبەکەی مەسرور بارزانی ناتوانێت ببێتە مودیر عامیش”، هەر وەک چۆن وتی ١١ بە سفر ناچینە هەڵبژاردن و نەشچوون!

کەسایەتی و مامەڵەی بافڵ تاڵەبانی هەرچۆنێک بێت، بووەتە خاڵی بەهێز بۆی و وایکردووە وەک پاڵەوانێک دەربکەوێت، بە تایبەت لای ئەوانەی کە پارتی بە هۆکاری سەرەکی ئەو نەهامەتیانە دەزانن کە لە دوای ریفراندۆمەوە رووبەڕووی خەڵکی کوردستان بوونەتەوە.

مەسرور بارزانی چاوی لەوەیە لاهور جەنگی وەک کارتێکی بەهێز بەکاربهێنێت و بتوانێت دەنگەکانی یەکێتی بۆ خۆی مسۆگەر بکات، بەڵام پێناچێت رێگەی پێ بدرێت لیستەکەی ئەنجامی هەبێت.

لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٨ لیستەکەی بەرهەم ساڵح دەنگەکانی لە یەکێتی و نەوەی نوێش زیاتر بوون بەڵام تەنیا دوو کورسییان پێ درا! ئەمە زانیارییەکە لاهور جەنگی بە وردی ئاگادارییەتی چونکە لەسەردەمی دەسەڵاتی ئەودا روویداوە.

“ئێرانییەکان هیچ کەسێکیان لە دەرەوەی ماڵی مام جەلال قبوڵ نیە”

هەرچی هێزەکانی دیکەشە ئەنجامێکی لەوشێوەیە بە دەست ناهێنن کە گۆڕانکاری گەورەیان پێ ئەنجام بدرێت، هەر نزیک کەوتنەوەیەکیشیان لە پارتی هەمان چارەنووسی بزووتنەوەی گۆڕانی لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢١ دەبێت.

بۆیە بژاردەکانی بەردەم مەسرور بارزانی لە دوای هەڵبژاردن سنووردار دەبن، یان بەناچاری مل بۆ داواکارییەکانی بافڵ تاڵەبانی دەدات یان بڕیاری دوو ئیدارەیی دەدات.

لە پرسی دوو ئیدارەییشدا زەرەرمەندی یەکەم زۆنی زەرد دەبێت چونکە

-کارەبا و غاز لە ژێر کۆنتڕۆڵی زۆنی سەوزدایە.

-عێراق راستەوخۆ دەتوانێت پشکی زۆنی سەوز بە پێی یاسای بودجە رەوانە بکات.

ئەم دۆخەی ئێستا رووبەڕووی مەسرور بارزانی بووەتەوە، هۆکارەکەی نێچیرڤان بارزانی ئامۆزایەتی ‘بە پلان بووبێت یان بە رێککەوت!’

نێچیرڤان بارزانی، لاهور جەنگی لەناو یەکێتی لە دەسەڵات خست، بەوەش بە تیرێک دوو نیشانەی پێکا!

١- بە مەسعود بارزانی مامی وت، لە دوای کۆنگرەی چواری یەکێتییەوە تەنیا شەڕە جنێو لەگەڵ لاهور دەکەن و ئامادە نین مامەڵەی لەگەڵ بکەن، بەڵام ئەو بە شەو رۆژێک لە دەسەڵاتی خست.

٢- بافڵ تاڵەبانی بۆ گیانی مەسروری ئامۆزای هێنایە پێشەوە.

پێش رووداوەکانی ٨ی تەمموز لاهور وەک کەسی یەکەمی یەکێتی مامەڵەی دەکرد، نێچیرڤان بارزانی باش دەیزانی پارتی لە هەرکاتێکدا دەتوانێت بە گفتوگۆ لەگەڵ لاهور بگاتە ئەنجام و کێشەکان نەگەنە ئەو دۆخەی ئێستا.

بۆیە بە پلانی لادانی لاهور جەنگی بافڵ تاڵەبانی دەستکراوە کرد تا ئەوەی خۆی بەرانبەر ئامۆزاکەی پێی ناکرێت بە بافڵ تاڵەبانی بکات.

چونکە مەسرور بارزانی چۆن یەکێتی وەک هێزی رکابەریپارتی قبوڵ نەبوو، بەهەمان شێوە نێچیرڤان بارزانیشی وەک کەسی دووەمی ناو پارتی پێ قبوڵ نیە!

رێبوار حەمەلاو ئەحمەد

ئەمانەش بخوێنەرەوە

سەرنجێک بنووسە

ئیمەیڵەکەت لەگەڵ سەرنجەکەدا بڵاونابێتەوە، ئەوانەی هێمای (*) پێوەیە زەرورین!*

دوایین بڵاوکراوەکان

سەرنجدراوترین

ڤیدیۆ هەڵبژێدراوەکان