حکوومەتی عێراق وەڵامی حکوومەتی هەرێمی دایەوە

حکوومەتی عێراق وەڵامی حکوومەتی هەرێمی دایەوە

هەرێم و بەغدا بەردەوامن لە ئاڵۆزکردنی پەیوەندییەکانی نێوانیان و بەیاننامە دژی یەکتر دەردەکەن

کوردنیوز:

وته‌بێژی حكومه‌تی عێراق، ڕه‌تیده‌كاته‌وه‌ نوێنه‌ری حكومه‌تی عێراق له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، ڕێگربووبێت له‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ی مادده‌ی 12ـی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌، كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان و دیاریكردنی پاره‌ بۆ تێچووی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت له‌ هه‌رێم

باسم عه‌وادی وته‌بێژی حكومه‌تی عێراق، ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی پێشه‌وا هه‌ورامانی وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕه‌تده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كردبوو، نوێنه‌ری حكومه‌تی عێراق له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، ڕێگربووه‌ له‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ی پڕۆژه‌یاسای بوجه‌ و له‌و باره‌یه‌وه‌ عه‌وادی ده‌ڵێت، “نوێنه‌ری حكومه‌تی عێراق ڕێگرنه‌بووه‌ له‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ی مادده‌ی 12ـی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان”.

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 23ـی كانونی دووه‌می 2025، پێشه‌وا هه‌ورامانی وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕایگه‌یاند، “دوای چەندین کۆبوونەوە و هەوڵ و ماندووبوون بۆ ئەوەی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵ لە لایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە هەمواربکرێتەوە و هەناردەکردنی نەوتی هەرێم دەستپێبکاتەوە، هەرچەندە خوێندنەوەی یەکەم و دووەمیشی بۆ کرا، بەڵام بەداخەوە لە کۆتا ساتەکاندا، دەنگی لەسەر نەدرا.

ئێمە تووشی سەرسووڕمان بووین بەوەی پێشنیارێک لە لایەن نوێنەری حکومەتی فیدراڵ لە ئەنجومەنی نوێنەرانەوە، تاکلایەنە و بەبێ ئەوەی ڕاوێژ لەگەڵ حکومەتی هەرێم بکرێت، یان لە ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵەوە دەنگی لەسەر درابێت بۆ ئەنجومەنی نوێنەران نێردراوە، كە ئەم پێشنیارە لە هەمانکاتدا دژی بڕیاری پێشووی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵیشە تایبەت بە هەموارکردنەوەی پڕۆژەیاسای بودجە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان”.

له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌ ئەمشەو له‌ وه‌ڵامی ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا بڵاویكرده‌وه‌، باسم عه‌وادی وته‌بێژی حكومه‌تی عێراق ده‌ڵێت، “جه‌ختده‌كه‌ینه‌وه‌ له‌وه‌ی حكومه‌ت پابه‌نده‌ به‌و هه‌موارانه‌ی كه‌ له‌باره‌ی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌وه‌ بۆ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ناردوونی”.

یه‌كێك له‌و هه‌موارانه‌ی كه‌ عه‌وادی باسیانده‌كات، تایبه‌ته‌ به‌ دۆسیه‌ی نه‌وتی هه‌رێم و له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ڕۆژی 5ـی تشرینی دووه‌می 2024ـی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراقدا به‌ سه‌رۆكایه‌تیی محه‌مه‌د شیاع سودانی، بڕیاردرا ماددەی (12، دووەم، بڕگەی ج) لە یاسای بودجەی ساڵانی 2023 و 2024 و 2025 ژمارە (13)ـی ساڵی 2023 لە بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان هه‌مواربكرێته‌وه‌، به‌ جۆرێك كه‌ تێچووی به‌رهه‌مهێنان و گواستنه‌وه‌ی نەوتی هەرێمی كوردستان لە شەش دۆلارەوە بۆ 16 دۆلار بۆ هه‌ر به‌رمیلێك زیادبكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستبكرێته‌وه‌ به‌ هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان.

هه‌ر له‌باره‌ی ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌، وته‌بێژی حكومه‌تی عێراق ڕایگه‌یاند، “نوێنه‌ری حكومه‌ت له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران جه‌ختیكردووه‌ته‌وه‌ له‌وه‌ی هیچ هه‌موارێكی دیكه‌ له‌ پڕۆژه‌یاسای بودجه‌دا نه‌كرێت كه‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌و ده‌قانه‌ بێت كه‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران پێشكه‌شیكردوون”.

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت، “ئه‌وه‌ی له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا هاتووه‌ ڕه‌تیده‌كه‌ینه‌وه‌ و سه‌رمانسووڕماوه‌ له‌و بانگه‌شه‌كردنه‌ی تیایدا هاتووه،‌ به‌وه‌ی كه‌ نوێنه‌ری حكومه‌ت له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، ڕێگریی دروستكردبێت بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ی ئه‌و مادده‌یه‌ی كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ ڕێوشوێنه‌كانی ده‌ستكردنه‌وه‌ به‌ هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێم”.

باسم عه‌وادی جه‌ختده‌كاته‌وه‌ له‌وه‌ی “پێویسته‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی عێراق پابه‌ندببێت به‌ حوكمه‌كانی مادده‌كانی ناو یاسای بودجه‌ی گشتیی فیدراڵی، له‌وانه‌ ڕاده‌ستكردنی داهاتی دارایی به‌ نه‌وتی و نانه‌وتییه‌وه‌ به‌ حكومه‌تی فیدراڵی، به‌و شێوه‌یه‌ی كه‌ له‌ یاسا و بڕیاری دادگای فیدراڵییدا هاتووه‌”.

وته‌بێژی حكومه‌تی عێراق ڕاشیگه‌یاند، “پابه‌ندبوون به‌م ڕێوشوێنانه‌وه‌، هه‌نگاوێكی پێویسته‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و گرفتانه‌ی په‌یوه‌ستن به‌م دۆسیه‌یه‌وه‌، هه‌روه‌ها بۆ به‌هێزكردنی هاوكاریی نێوان هه‌ردوولا، حكومه‌تی فیدراڵی هیواخوازه‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران په‌له‌بكات له‌ په‌سه‌ندكردنی هه‌مواره‌كه‌ به‌و شێوه‌یه‌ی كه‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران په‌سه‌ندیكردووه‌ له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندیی عێراق، هه‌موو عێراق”.

mivad
ADMINISTRATOR
PROFILE

Posts Carousel

سەرنجێک بنووسە

ئیمەیڵەکەت لەگەڵ سەرنجەکەدا بڵاونابێتەوە، ئەوانەی هێمای (*) پێوەیە زەرورین!*

Latest Posts

Top Authors

Most Commented

Featured Videos