ئەوەی جێگەی پرسیارە، سەرۆکی یەکێتی بە کام ناونیشان ئەو بڕیارەی دەرکردووە؟
کوردنیوز: رێبوار حەمەلاو ئەحمەد
ماوەی نزیکەی دوو مانگە لیژنەی ئەمنی سلێمانی بڕیاری دەستبەسەردا گرتنی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکانی دەرکردووە و بە چەند قۆناغێک هاتوچۆی ئەو ئۆتۆمبێلانە لەسەر شەقامەکان قەدەغە کرا.
بەڵام ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی نوێنەری خاوەن ئەو ئۆتۆمبێلانە و سەرۆکی یەکێتی بڕیارەکانی لیژنەی ئەمنی سلێمانی راگیران و ئۆتۆمبێلەکان گەڕێندرانەوە سەر شەقامەکان.
ئەوەی جێگەی پرسیارە، سەرۆکی یەکێتی بە کام ناونیشان ئەو بڕیارەی دەرکردووە؟
بافڵ تاڵەبانی کەسی یەکەمی یەکێتییە لە زۆنی سەوز، کە هەردوو پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و گەڕمیان دەگرێتەوە.
لە بەرانبەردا پارتی دیموکرات حوکمڕانی زۆنی زەردە کە پارێزگاکانی هەولێرو دهۆک بە ئیدارە سەربەخۆکانی زاخۆ و سۆران دەگرێتەوە.
بەردەوام ئەم دوو حیزبە لە ژێر رەخنەی توندا بوون کە نەیانتوانیوە حکوومەتێکی یەکگرتوو و بەهێز بۆ هەرێمی کوردستان پێک بهێنن.
ئەمڕۆ بافڵ تاڵەبانی بەو بڕیارەی سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی بردە ژێر پرسیارەوە، کە هیچ کامیان ناتوانن دەسەڵاتەکانی سەرۆکی حیزب تێپەڕێنن.
بافڵ تاڵەبانی هیچ ناونیشانێکی فەرمی نیە و تەنیا سەرۆکی یەکێتی نەبێت، لە رووی یاساییەوە توانای ئەوەی نیە بڕیار بدات ئەو هەزاران ئۆتۆمبێلەی کە لە ١٠ ساڵی رابردوودا زۆرینەیان لەلایەن بەرپرسە ئەمنی و هەواڵگرییەکانی سەر بە حیزبەکەیەوە هاوردە کراون بخاتەوە سەر شەقامەکان.
ئەم بڕیارە خستنە ژێر پرسیاری دامودەزگا میرییەکانە کە لە بەرانبەر بڕیاری بەرپرسە حیزبییەکاندا بێ دەسەڵاتن.
پێشتر خاوەن ئۆتۆمبێلەکان چوونە بەردەم پارێزگاری سلێمانی و خۆپیشاندانیان ساز کرد، نوێنەرەکانیان لەگەڵ پارێزگار کۆبوونەوە بەڵام بە بێ ئەنجام هاتنە دەرەوەو بە میدیاکانیان وت چارەسەری کێشەکە لە دەستی پارێزگاردا نیە لە کاتێکدا پارێزگار سەرۆکی لیژنەی ئەمنیی شارەکەیە، بڕیاری راگرتنی ئەو ئۆتۆمبێلانەش لەلایەن لیژنەی ئەمنی سلێمانییەوە بووە.
هەرچەندە خاوەنی ئەو ئۆتۆمبێلانە زۆرینەیان خەڵکی هەژار و کەمدەرامەتن و بەهۆی نەبوونی دارایی پێویستەوە ناچار بوون ئەو ئۆتۆمبێلانە بکڕن، ئەوان قوربانی ئەو بازرگانییەن کە بەرپرسە ئەمنی و هەواڵگرییەکان ساڵانێکە دەستیان داوەتێ و هەزاران ئۆتۆمبێلیان هێناوەتە ناو شارەکانەوە، بۆیە پێویستە حکوومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان بە بڕیارێک ئەو پرسە بە یەکجاری چارەسەر بکەن.
بە گوێرەی ئامارە نافەرمییەکان پێشبینی دەکرێت نزیک بە ٧٠ هەزار ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا لە هەرێم بوونیان هەبێت کە زۆرینەیان دەکەونە سنووری زۆنی سەوزەوە.
سەرنجێک بنووسە
ئیمەیڵەکەت لەگەڵ سەرنجەکەدا بڵاونابێتەوە، ئەوانەی هێمای (*) پێوەیە زەرورین!*