بەشێک لە خانەنشینانی مەدەنی هەرێم کە مووچەکانیان هاوتای بەغدا نەکرابوو قەرەبووی چوار مانگیان پێکەوە وەرگرت
کوردنیوز:
بەشێک لە خانەنشینانی مەدەنی هەرێم کە مووچەکانیان هاوتای بەغدا نەکرابوو قەرەبووی چوار مانگیان پێکەوە وەرگرت و بڕیارە سەرجەمیان قەرەبوو بکرێنەوە.
سادق شێخ عوسمان، وتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان رایگەیاند دوێنێ خانەنشینانی پێش ساڵی 2014 لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هەڵەبجە، کۆیە و پشدەر بۆ یەکەم جار مووچەیان بە هاوتاکراوی بەغدا بەسەردا دابەشکراوە.
بە گوێرەی وتەبێژی خانەنشینان ئەو خانەنشینانەی مووچەکانیان هاوتای بەغدا کراوە لەگەڵیدا قەرەبووی چوار مانگیان وەرگرتووە کە پێشتر بۆیان هاوتا نەکرابوو.
بڕیارە دوای خانەنشینانی هەڵەبجە، کۆیە و پشدەر، خانەنیشیانی تەواوی هەرێمی کوردستان کە ساڵانی پێش 2014 خانەنشین بوون، مووچەکەیان هاوتا بکرێت و قەرەبوو بکرێنەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە ماوەی چوار مانگە ئەو خانەنشینانەی هەرێم کە لە دوای ساڵی ٢٠١٤ەوە خانەنشین بوون بە هاوتاکراوی عێراق مووچەکانیان وەردەگرن.
وتەبێژی یەکێتی خانەنشینان باسی لەوە کردوە دوای ئەوەی سەردانی بەغدایان کردووە، بۆیان دەرکەوتووە خانەنشینانی پێش 2014ش دەبێت مووچەیان هاوتا بکرێت لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 160 هەزار خانەنشینی مەدەنی و 70 هەزار خانەنشینی سەربازی هەن، بەڵام هێشتا خانەنشینانی سەربازی مووچەیان بە هاوتاکراوی وەرنەگرتووە.
سەرنجێک بنووسە
ئیمەیڵەکەت لەگەڵ سەرنجەکەدا بڵاونابێتەوە، ئەوانەی هێمای (*) پێوەیە زەرورین!*