کەمتر لە مانگێکە جۆلانی پێشوو و ئەحمەد شەرعی ئێستا کورسی دەسەڵاتی لە دیمەشق وەرگرتووە بەڵام پێدەچێت پێش وادەی خۆی مانگی هەنگوینی سەرکەوتنەکەیان کۆتایی بێت.
کوردنیوز: تایبەت
کەمتر لە مانگێکە جۆلانی پێشوو و ئەحمەد شەرعی ئێستا کورسی دەسەڵاتی لە دیمەشق وەرگرتووە بەڵام پێدەچێت پێش وادەی خۆی مانگی هەنگوینی سەرکەوتنەکەیان کۆتایی بێت.
ئەمڕۆ خۆپیشاندانی فراوان بەشێک لە شارە گەورەکانی سوریای گرتەوە و گرووپە چەکدارەکانیش بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دۆخە تەقەی راستەوخۆیان لە خۆپیشاندەران کرد.
بە گوێرەی زانیاری میدیا ناوخۆییەکان، خۆپیشاندانی بەرفراوان لە شارەکانی لازقیە، تارتووس، حومس، دیمەشق و حەما بەڕێوەچووە و تێیدا هەڵسوکەوتی چەکدارە توندڕەوەکانیان ئیدانە کردووە کە سوکایەتییەکان بە پیرۆزییەکانیان کردووە.
بەهۆی فراوانی خۆپیشاندانەکانەوە، گرووپە چەکدارە میلیشیاکان قەدەغەی هاتوچۆیان لەو شارانەی کە خۆپیشاندانی تێدایە راگەیاندووە.
روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردووەتەوە بەهۆی تەقەی راستەوخۆی گرووپە چەکدارەکانەوە ژمارەیەک خۆپیشاندەر کوژراون و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.
ناڕەزایەتییەکان دوای ئەوە دەستیان پێ کرد ژمارەیەک چەکداری توندڕەی میلیشیاکان چوونە سەر مەزارگەی “ئەبو عەبدوڵڵا حوسێن” لە حەلەب و تەواوی خزمەتگوزارەکانی مەزارگەکەیان دایە بەر دەستڕێژی گوللـە و سەرجەمیان کوژران.
ئەبو عەبدوڵڵا حوسێن شێخی عەللـەوییەکانی سوریایە و پیرۆزییەکی تایبەتی لای ئەوان هەیە.
میلیشیاکان دیمەنی کوشتن و هەڵکوتانە سەر مەزارگەکەیان بڵاوکردەوە ئەوەش شەپۆلی گەورەی ناڕەزایی عەلەوییەکانی بە دوای خۆیدا هێنا.
خۆپیشاندەران داوای دەستبەجێ دادگاییکردنی ئەو گرووپە چەکدارە دەکەن کە بەرپرسن لەو سوکایەتیەی بە پیرۆزییەکانیان کراوە، هەروەها داوایان کردووە کوشتن و رفاندنی کەمایەتییە ئاینیەکان لە ژێر ناوی تۆڵەکردنەوە لە رژێمی سوریا رابگرن.
بە گوێرەی ئەو دیمەنانەی بڵاودەکرێنەوە، رۆژانە لە سەرجەم ناوچە جیاوازەکانی سوریا گرووپە چەکدارەکان پەلاماری هاووڵاتیان دەدەن و لە ژێر ناوی ئەندامبوون لە رژێمی سوریا دەیان دەنە بەر دەستڕێژی گوللـە یان دەستگیریان دەکەن.
ئەم بێ سەروبەرییەی سوریا لە کاتێکدایە لە لایەک گرووپەکانی سەر بە تورکیا سەرقاڵی شەڕ و پێکدادانن لەگەڵ هێزەکانی رۆژئاوای کوردستان، لەلایەکی دیکەش ئیسرائیل بەشێکی زۆری خاکی وڵاتەکەی داگیرکردووە.
هاوکات ئەمڕۆ عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند سورییەکان نابێت دڵخۆش بن بەو دەسەڵاتەی ئێستا لە دیمەشق هەیە چونکە ئایندەیەکی نادیار چاوەڕێیان دەکات.
ئەوەی تا ئێستا دیارە هەزاران چەکداری نەتەوە جیاواز لەناو سوریا کۆ بوونەتەوە کە بڕوایان بە دەوڵەت و رێکخستن و دیسپلینی سەربازیی نیە و ئەوەی ئەوان لەسەری راهاتوون کوشتن و بڕینە.
بۆیە پێشبینی ناکرێت دۆخی سوریای نوێ لە دۆخی عێراقی دوای ٢٠٠٣ باشتر بێت.
سەرنجێک بنووسە
ئیمەیڵەکەت لەگەڵ سەرنجەکەدا بڵاونابێتەوە، ئەوانەی هێمای (*) پێوەیە زەرورین!*